ته‌مه‌نگه‌رایی و نایه‌کسانی له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا
سه‌لاح ئه‌حمه‌د
سه‌رنج: ئه‌م وتاره له لاپه‌ڕه 12ی ژماره 371ی رۆژنامه‌ی هاوڵاتی له رێکه‌وتی 14ی تشرینی دووه‌می 2007دا بڵاوبووه‌ته‌وه.
سه‌رنج: ئه‌م وتاره له لاپه‌ڕه 12ی ژماره 119ی رۆژنامه‌ی ئاوێنه له رێکه‌وتی 29ی نیسانی 2008دا بڵاوبووه‌ته‌وه.
کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی کۆمه‌لگه‌یه‌کی ئێجگار ته‌مه‌نگه‌رایه. ته‌مه‌نگه‌رایی دیارده‌یه‌کی هه‌ڵاواردییه (تمییز - discriminatory) که ده‌بێته هۆی نایه‌کسانی و سته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی فره‌ڕه‌هه‌ند. مه‌به‌ست له ته‌مه‌نگه‌رایی پێدانی ره‌وایه‌تی و مافه له سه‌ر بنه‌مای ته‌مه‌ن. واتا له کۆمه‌ڵگه‌ی ته‌مه‌نگه‌رادا ته‌مه‌ن وه‌کو سه‌رچاوه‌ی ره‌وایه‌تی و زانیاری و ده‌سه‌ڵات سه‌یر ده‌کرێ و به‌و پێیه په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان شێوه وه‌رده‌گرن. ته‌مه‌نگه‌رایی له زۆربه‌ی کۆمه‌ڵگه مرۆییه‌کاندا باوه، به‌ڵام به ئه‌ندازه‌ی جیاجیا و به شێوه‌ی جیاجیا . ئه‌ندازه‌ی ته‌مه‌نگه‌رایی له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردییدا زۆر په‌ڕگیره. ته‌مه‌نگه‌رایی به جۆرێک سه‌رده‌سته له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردییدا ئه‌و سته‌مه کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی که په‌یوه‌ندیان پێوه‌ی هه‌یه بێژمارن. تێڕوانینێکی سه‌رپێی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و سیستمی به‌هاکانی و بونیاد و وێرده‌کانی زمانی کوردی به ئاسانی ئه‌وه نیشان ده‌دات که کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی تا چ ئه‌ندازه‌یه‌کی ترسناک ته‌مه‌نگه‌رایه. ته‌مه‌نگه‌رایی به گشتی جۆره نایه‌کسانییه‌که که ده‌کرێ له زیانی منداڵان و لاوان یان له دژی پیران به کاربهێندرێ. ئه‌م وتاره ده‌رباره‌ی ته‌مه‌نگه‌رایی دژی منداڵان و لاوانه. بێگومان کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی زۆر ته‌مه‌نگه‌رایه دژی پیرانیش، به‌ڵام ئه‌و بابه‌ته هه‌ڵده‌گرم بۆ ده‌رفه‌تی دیکه.
له کوردی‌دا زۆر باوه که "منداڵ" وه‌کو جنێو به کارده‌هێنرێت. که که‌سێک ده‌شوبهێنرێت به منداڵ، ده‌شوبهێندرێت به بوونه‌وه‌رێکی بێعه‌قڵ. "گه‌وره" سه‌رچاوه‌ی عه‌قڵ و حه‌قیقه‌ت و راستی و ره‌وایه‌تی و ده‌سه‌ڵاته له کولتووری کوردییدا. شوێنی منداڵ له جیهانی کوردی‌دا وونه. منداڵ بوونه‌وه‌رێکی بێبه‌ها و بێعه‌قڵ و بێهه‌ست و بێ‌توانا و بێده‌سه‌ڵات و بێئاسۆیه له کولتووری کوردی‌دا. به‌و مانایه کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی کۆمه‌ڵگه‌ی گه‌وره‌کانه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که جێگه‌ی خه‌مه راده‌ی ئه‌و نایه‌کسانی و سته‌مه کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌یه که به هۆی سه‌رده‌ستیی ره‌های گه‌وره‌کانه‌وه به‌رپایه له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا.
ژیان له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردییدا له‌لایه‌ن گه‌وره‌کانه‌وه حوکمێکی موتله‌قی دیکتاتۆری ده‌کرێ. ئه‌مه له هه‌موو ره‌هه‌نده‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیی و سیاسیی‌دا ره‌نگی داوه‌ته‌وه. زۆربه‌ی منداڵان له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردییدا قوربانیی توندوتیژیی و ته‌عدا و ئه‌شکه‌نجه و به‌دڕه‌وشتیی گه‌وره‌کانن. ئه‌وه‌ی ئه‌م نایه‌کسانییه بێ‌سنوور ده‌کات ئه‌وه‌یه که منداڵان له جیهانێکی تاریکی وه‌هادا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن که ده‌نگیان له هیچ هێزێکی کۆمه‌ڵایه‌تی یان بزووتنه‌وه‌یه‌کی رۆشنبییریی یان ده‌زگاییدا نییه. جیهانی منداڵ ئه‌و جیهانه تاریکه‌ی کۆیلایه‌تییه که تا ئێستا به ئاسته‌میش په‌نجه‌ی بۆ رانه‌کێشراوه. ئه‌گه‌ر جیهان که‌مێک که‌مسته‌متر بوایه ، زۆربه‌ی گه‌وره‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ده‌بوایه وه‌کو تاوانبار سه‌یر بکرێن به هۆی ئه‌و تاوانانه‌ی که ده‌رهه‌ق به منداڵه‌کانیان و منداڵی نزیکه‌کانیان و منداڵانی جێگه‌ی کار و په‌روه‌رده ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.
بۆ تێگه‌یشت له بونیاده کولتوورییه‌کانی دیارده‌ی ته‌مه‌نگه‌رایی، ده‌کرێ بڕوانینه شێوه‌به‌کارهێنان و مانای وشه‌ی "گه‌وره" له زمانی کوردی‌دا:
1- گه‌وره ( گه‌وره‌تر) = به‌قه‌باره ( به‌قه‌باره‌تر)
2- گه‌وره ( گه‌وره‌تر)= به‌ته‌مه‌ن ( به‌ته‌مه‌نتر)
3- گه‌وره ( گه‌وره‌تر )= گرنگ (گرنگتر) و/یان به‌توانا (به‌توانانتر) و/یان به‌ده‌سه‌ڵات (به‌ده‌سه‌ڵاتتر) و/یان به‌شکۆ (شکۆمه‌ند) و/یان.زانا ( زاناتر) و/ یان شاره‌زا (شاره‌زاتر) و و/یان هه‌ندێ مانای تری نزیک له‌مانه.
له زمانی کوردییدا وشه‌ی "گه‌وره" سێ مانای سه‌ره‌کیی هه‌یه:1- به‌قه‌باره -2- به‌ته‌مه‌ن 3- گرنگ / به‌توانا/ به‌ده‌سه‌ڵات / به‌شکۆ /زانا / شاره‌زا. له مانای 2 و 3 ئه‌وه روونه که ته‌مه‌ن و ده‌سه‌ڵات له عه‌قڵییه‌تی کوردییدا توند به‌یه‌که‌وه به‌ستراون (له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌ک وشه بۆ هه‌ردوو ماناکه به‌کارده‌هێنرێت). "گه‌وره" ده‌کرێ بۆ ته‌مه‌ن و ده‌شکرێ بۆ گرنگیی به‌کاربهێنرێت. بنده‌ستێک به سه‌رداره‌که‌ی ده‌ڵێت "گه‌وره‌م". له‌وێدا ئه‌وه روونه که "گه‌وره" توند به ره‌وایه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارییه‌وه به‌ستراوه. "گه‌وره به‌رپرسان" واتا ئه‌و به‌رپرسانه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی زۆریان هه‌یه. له زۆر ده‌سته‌واژه‌ی هاوشێوه‌دا ئه‌وه ئاشکرایه که چۆن "گه‌وره" بۆ گرنگیی و توانا و ده‌سه‌ڵات و زانایه‌تی و شکۆ و ره‌وایه‌تی به کارده‌هێنرێت بۆ وێنه "نووسه‌ری گه‌وره"، "گۆرانیبێژی گه‌وره"، "سه‌رکرده‌ی گه‌وره"، و هه‌روه‌ها "خوای گه‌وره". له زۆر زماندا دوو وشه‌ی جیاواز هه‌یه بۆ مانای ژماره 2 و هه‌ندێ له به‌شه‌کانی 3. له زمانی دیکه‌دا رووده‌دات یه‌ک وشه به‌کاربهێنرێت بۆ ئاماژه‌دان به 1 و 3، واتا به‌قه‌باره و گرنگ (وه‌کو great له ئینگلیزی‌دا)، به‌ڵام نه‌ک یه‌ک وشه بۆ 2 و 3 واتا بۆ به‌ته‌مه‌ن و به‌ده‌سه‌ڵات یان به‌ته‌مه‌ن و زانا یان به‌ته‌مه‌ن و به‌شکۆ. له ئینگلیزی‌دا بۆ ته‌مه‌ن ( age, Old) به کارده‌هێنرێن که له هیچیاندا هیچ ئیحائێک نییه بۆ ده‌سه‌ڵات و توانا و زانایه‌تی و ره‌وایه‌تی و شکۆ. له عه‌ره‌بیدا "اکبر" ده‌بێ له‌گه‌ڵ "سنا" به‌کاربهینرێت تا مانای "به‌ته‌مه‌نتر" بگه‌یه‌نێت، ده‌نا به ته‌نها "اکبر" واتا به‌قه‌باره‌تر و/یان گرنگتر و شکۆمه‌ند. به هیچ جۆریک ئه‌مه به‌و مانایا نایات که کۆمه‌ڵگای ئینگلیزی زمان یان عه‌ره‌بی زمان ته‌مه‌نگه‌را نیین. ده‌شکرێ یه‌ک وشه بۆ 1 و 2 به‌کاربهێنرێت له زمانی دیکه‌دا وه‌کو ئینگلیزی و عه‌ره‌بی. بۆ نموونه(big )واتا "به‌قه‌باره". به‌ڵام ( big brother ) واتا برای به‌ته‌مه‌نتر (برا گه‌وره). ده‌سته‌واژه‌ی( big brother ) بۆ ئیحادان به موماره‌سه‌کردنی ره‌وایه‌تی ده‌سه‌ڵاتداریی به‌کارده‌هینرێت به‌ڵام له‌و به‌کارهێنانه‌دا دوو شتی گرنگ هه‌یه که ده‌بێ تێبینی بکرێن. یه‌که‌م، ره‌وایه‌تی ده‌سه‌ڵاتداریی مانای راسته‌وخۆی ده‌سته‌واژه‌که نییه، به‌ڵکو مانایه‌کی مه‌جازییه. دووه‌م، له‌م سه‌رده‌مه‌دا کاتێک که به‌و مانا مه‌جازییه به کارده‌هێنرێت زۆرتر وه‌کو ساتایه‌ر به‌کارده‌هێنرێت، واتا بۆ نیشاندانی ناڕه‌وایه‌تی ئه‌و ره‌وایه‌تییه ده‌سه‌ڵاتدارییه له رێگه‌ی گه‌پاندنه‌وه.
تێڕامان له تێگه‌ی رێز ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌کاته‌وه که کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی تا چی ئه‌ندازه‌یه‌ک ته‌مه‌نگه‌رایه. رێز و ته‌مه‌ن له کولتووری کوردی‌دا توند به‌یه‌که‌وه به‌ستراون، هه‌روه‌ک چۆن رێز و ده‌سه‌ڵاتیش توند به‌یه‌که‌وه به‌ستراون له کولتووری کوردی و زۆر کولتووری دیکه‌شدا. تا ئێره دیارده‌که زۆر سه‌یر نییه. ئه‌وه‌ی که سه‌یره به کارهێنانی وشه‌ی "به‌ڕێز"ه. له‌م ساڵانه‌ی دوایدا ئه‌م وشه‌یه له ناو زمانی پڕ نواندن و ماسکپۆشیی دیبلۆماسی و راگه‌یاندنه‌وه ته‌شه‌نه‌ی کردووه و چووه‌ته ناو زمانی ئاسایی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه. وشه‌ی "به‌ڕێز" یه‌کێ له‌و وشانه‌یه که رێز ته‌نها به ته‌مه‌ن و به ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌به‌ستێ. ته‌نها ئه‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵاتدار و/یان به‌ته‌مه‌ن پێگه‌یشتووه ده‌کرێ شایسته‌ی رێز بێت به پێی زه‌ینی باوی که‌سایه‌تی کوردی، بۆیه ئه‌م وشه‌یه له زمانی راگه‌یاندنه‌وه (که زمانێکه سه‌رتاپا له‌لایه‌ن کولتووری ده‌سه‌ڵاتداریی سیاسییه‌وه قۆزخ کراوه) په‌ڕییه‌وه بۆ زمانی نیمچه‌ئاسایی ناو خه‌ڵک به جۆریک که له سه‌ر جاده گوێت لێ ده‌بێ به کار ده‌هێنرێت. ته‌نانه‌ت هه‌ندێ جار دوو هاوڕێ له نێوان خۆیاندا به کاریده‌هێنن. ته‌نانه‌ت بۆ نوکته ده‌ڵێن، "فڵان به شه‌و به ژنه‌که‌ی ده‌ڵێ: به‌ڕێز دایکه‌نه"! نوکته‌که پتر له دیوێکی ئه‌م دیارده‌یه روونده‌کاته‌وه ده‌رباره‌ی نه‌ک هه‌ر "رێز" و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ "گه‌وره"دا به‌ڵکو راده‌ی سێکسیزمیش له زمانی کوردی‌دا، که دواتر ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به‌م بابه‌ته‌وه هه‌بێت باسی ده‌که‌م.
له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا رێز رێگایه‌کی یه‌ک ئاراسته‌یه: له که‌م ته‌مه‌نتره‌وه بۆ به‌ته‌مه‌نتر/به‌ده‌سه‌ڵاتتر، له منداڵه‌وه بۆ گه‌وره. رێز له گه‌وره‌وه بۆ منداڵ شتێکه زه‌ینی کوردی ناتوانێ وێنای بکات بۆ نواندن نه‌بێت. له‌و کاته‌دا که زه‌ینی کوردی بیر له رێزێک ده‌کاته‌وه که ئاراسته‌که‌ی له گه‌وره‌وه بۆ منداڵه ده‌بێ دیمه‌نێکی شانۆگه‌ری وێنا بکات، چونکه له واقیعی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی کوردی‌دا رێزی وه‌ها له ئارادا نییه. زمانی باو و بیرکردنه‌وه‌ی باو نه‌ک ته‌نیا په‌یوه‌ندییه‌کی قووڵیان له نێواندایه به‌ڵکو راستر وایه بڵێین په‌یوه‌ندی نییه به‌ڵکو وێنه‌دانه‌وه‌ی راسته‌وخۆیه.
زمانی کوردی جگه له‌وه‌ی که زۆر ته‌مه‌نگه‌رایه، زۆر سێکسیزمیشه. دیاره دیارده‌ی سێکسیزمیش ته‌نیا تایبه‌ت نییه به زمانی کوردییه‌وه به‌ڵام کولتووری کوردی یه‌کێ له‌و کولتوورانه‌یه که بزووتنه‌وه‌ی political correctness) ) تێدا نییه له‌به‌ر ئه‌وه دیارده‌ی هه‌ڵاواردیی له زمانی کوردی‌دا هێشتا زۆر ئاشکرایه. بۆ نموونه له کوردی‌دا "پیاوه‌تی" به مانای "باشه‌کردن" به‌کارده‌هێنرێت. "پیاوانه" به مانای "باش – زۆر باش- زۆر تایبه‌تیی" به‌کارده‌هێنرێت. له کاتیکدا که "ژنانه" یان "ژنانی" به پێچه‌وانه‌وه بۆ مانای ناپوخت و ئیحادانی ناحه‌ز به‌کارده‌هینرێت. ئه‌وه‌ی که دووباره شایسته‌ی تێبینییکردنه ئه‌وه‌یه که له ناو هه‌ڵاواردییه سێکسیسته‌که‌دا هه‌ڵاواردییه‌کی ته‌مه‌نگه‌را له ئارادایه چونکه پیاو جگه له مه‌رجی سێکس/ژێنده‌ر مه‌رجی ته‌مه‌نی تێدایه.
کێشه‌ی گه‌نجان له بنه‌ڕه‌تدا په‌یوه‌ندی به دیارده‌ی ته‌مه‌نگه‌راییه‌وه هه‌یه. گه‌نجان ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێ واقیعی نایه‌کسانی ژیانیان بگۆڕن یان لانی که‌م یاخی ببن له‌و واقیعه، له ناو ئه‌و شتانه‌دا که ده‌بێ بیکه‌ن ده‌بێ بێڕیزیی بکه‌ن به جیهانی گه‌وره‌کان. "ره‌وشت" به پێی پێوه‌ره باوه‌کانی کولتووری کوردی به‌ستراوه به پێوه‌ره نایه‌کسانه‌کانی ته‌مه‌نگه‌رایی و سێکسیزمه‌وه. ئه‌گه‌ر گه‌نجان و ژنان بیانه‌وێ بزووتنه‌وه‌ی وه‌ها دابمه‌زرێنن که دژی ئه‌و پێوه‌ره نایه‌کسانه ته‌مه‌نگه‌را و پیاوسالارانه بووه‌ستنه‌وه ده‌بێ گوتارێکی وه‌ها دابمه‌زرێنن که به‌مه‌به‌ست بێڕێزیی پیشان بدات به سیستمی ره‌وشت و ئاکار و به‌ها له کۆمه‌ڵگه‌ی باوی کوردی‌دا. یاخیبوانی نوێ (جا هه‌ر ته‌مه‌ن و ره‌گه‌زێک بن) له گوتار و کرده‌وه‌یاندا ده‌بێ پیرۆزییه‌کانی جیهانی ته‌مه‌نگه‌رایی و سێکسیزمی کۆمه‌ڵگه‌ی باوی کوردی ژێرپێبخه‌ن. پڕۆسه‌ی گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی زۆر له‌وه هێواش تره که هه‌ندێجار ئه‌کتیڤیسته تازه چالاکبووه‌کان وێنای ده‌که‌ن، به‌ڵام دواجار یاخیبوون دیوێکی هه‌یه هه‌م تاکه‌که‌سییه و هه‌میش مومکین تره له په‌رپاکردنی گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رتاسه‌ریی. یاخیبوو ده‌توانێ بێڕێزی پیشان بدات و ده‌بێ بێڕیزی بکات به‌و سیستمه به‌هاییه‌ی که لێی یاخییه.
ئه‌گه‌ر لاوێک توڕه‌یه له‌و نایه‌کسانی و سته‌مکارییه‌ی که سه‌پێنراوه به‌سه‌ر ژیانیدا، یه‌که‌م شت که ده‌بێ بیکات ئه‌وه‌یه رێز له "به‌ڕێزه‌کان" نه‌گرێت. ئه‌وانه‌ی که وه‌های پیشان ده‌ده‌ن که نایه‌کسانی ته‌نها له ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ خۆیان به‌شێکن له جیهانی به‌ڕێزه‌کان و زمانی به‌ڕیزه‌کان و ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕیزه‌کان و ئاکاری به‌ڕێزه‌کان. بێئومیدییه‌که له‌وه گه‌وره‌تره که هه‌ندێ له گه‌نجان و رێکخراوه فیمینیسته‌کان تێیگه‌یشتوون. جیهانی کوردی سه‌رتاپا له تاریکیی ته‌مه‌نگه‌رایی و شۆڤێنیزمی پیاوسالاریدا نوقمه. ئه‌وانه‌ی که بۆ هه‌موو شتێک ته‌نها ده‌سه‌ڵاتی سیاسی لۆمه ده‌که‌ن، له راستیدا به‌شێکن له هۆکانی به‌رده‌وامبوون و قووڵبوونه‌وه‌ی نایه‌کسانییه‌کان. جیهانی به‌ڕێزه‌کان، هه‌موو به‌ڕێزه‌کان، ده‌بێ بێڕێزیی پێ‌بکرێ. ئه‌وه‌ی که ژیانی گه‌نجان و منداڵان و ژنان وێران ده‌کات، ته‌نها له ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه نایات، به‌ڵکو له ده‌زگاکانی خوێندن و په‌روه‌ره‌ده و ئاین و بڵاوکردنه‌وه و راگه‌یاندن و خێزانیشه‌وه دێت. له راستیدا کارگه‌ی راسته‌قینه‌ی نایه‌کسانی ئه‌و ده‌زگا کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ن که وه‌کو قوربانیی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی دێنه به‌رچاو. ده‌زگا سیاسییه‌کان ئاسانن بۆ لۆمه‌کردن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که نایه‌کسانی به‌رهه‌م ده‌هێنێت له راستیدا سته‌مکاره بچکۆله‌کانی ناو زۆربه‌ی هه‌ره زۆری که‌سه‌کانه.
له دوای خێزان، مامۆستاکان و ده‌زگاکانی په‌روه‌رده و خوێندن له هه‌موو که‌س و شوێنێک زیاتر کارگه‌ی نایه‌کسانی و سته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی و بنه‌مانی ده‌سه‌ڵاتگه‌ریین. له قوتابخانه‌کاندا منداڵان فێری ئه‌وه ده‌کرێن که رقیان له زانین و فێربوون بێت و ئاره‌زووی چه‌وساندنه‌وه و سه‌رکوتگه‌ریی بکه‌ن. کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی به تایبه‌تی له ناو کۆمه‌ڵگه رۆژهه‌ڵاتییه‌کاندا ده‌یان ته‌کنیکی هه‌یه بۆ سه‌رکوتکردن و وێرانکردنی منداڵ. کوردستان گرتووخانه‌یه‌کی تاریکه بۆ منداڵان. له ناو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئاوهادا، ته‌نها ژن و پیاوی تێکشکاو و ده‌سه‌ڵاتپه‌رست به‌رهه‌مدێت. ئه‌و ژن و پیاوه تێکشکاو و ده‌سه‌ڵاتپه‌رستانه هه‌مان نایه‌کسانی ته‌مه‌نگه‌رایی دووباره ده‌که‌نه‌وه له‌گه‌ڵ منداڵه‌کانیاندا. له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئاوهادا هه‌موو که‌سه‌کان که "گه‌وره" ده‌بن موماره‌سه‌ی شێوه‌یه‌ک له ده‌سه‌ڵات ده‌که‌نه‌وه به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی که له خۆیان که‌مده‌سه‌ڵاترن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که هه‌رگیز ناگۆڕێت ئه‌وه‌یه که منداڵان له گرتووخانه‌یه‌کی گه‌وره‌دا ته‌عزیب ده‌درێن. جیهانی گه‌وره به‌رێزه‌کان ته‌نها بێڕێزی به‌رهه‌م ده‌هێنێت له رێگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نایه‌کسانییه‌کی ته‌مه‌نگه‌را و سێکسیستی بێکۆتاوه.
No comments:
Post a Comment