خه‌م وه‌کو کاڵا و وه‌کو پیشه‌سازی
سه‌لاح ئه‌حمه‌د
سه‌رنج: ئه‌م وتاره له لاپه‌ڕه 14ی ژماره 451ی رۆژنامه‌ی ئاوێنه له رێکه‌وتی 28ی ئه‌یلولی 2008دا بڵاوبووه‌ته‌وه.
خه‌مبارنواندن هه‌ندێ جار پێرسۆنایه‌که بۆ سه‌رنجراکێشان، و زیاتریش له‌وه بیانوویه‌که بۆ خۆشاردنه‌وه له به‌رپرسیارێتییه ئه‌خلاقییه‌کان. ئه‌وه‌ی که خه‌مبار ده‌نوێنێ له جێگا گشتییه‌کاندا، پێیوایه ئیتر ئه‌و به‌شێک نییه له‌و که‌سانه‌ی که به‌رپرسن له ژیانی گشتیی، پێی وایه ئیتر ئه‌و ئیجازه‌ی په‌ڕینه‌وه‌ی هه‌یه بۆ زه‌مینه مه‌خمه‌لییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ژیانی ساردوسڕی رۆژانه. راستییه‌ک که هه‌میشه خه‌ڵک له بیری ده‌که‌ن ئه‌وه‌یه که خه‌مباربوون مه‌رج نییه مانای ده‌ربازبوون بێت له نه‌زایی، گوناهباریی، و درۆکاریی و ساخته‌کاریی و گه‌نده‌ڵیی و هه‌تا دوای ئه‌و شتانه‌ی که ژیانی گشتیی وێران ده‌که‌ن. له راستیدا دواتر بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که ده‌شێت پێچه‌وانه‌ی ته‌واوی ئه‌و تێگه‌یشتنه باوه راست بێت.
خه‌م ده‌کرێ بیانو بێت بۆ بێبه‌رهه‌میی، بۆ گوێنه‌دانی سیاسیی، بۆ خۆفه‌رامۆشکردن، بۆ هه‌موو جۆره‌کانی فه‌شه‌لی ئینسان له ژیانی ئاسایی‌دا. خه‌م ده‌کرێ بیانو بێت بۆ ناشرینکردنی نه‌ک ته‌نیا ژیانی خودی ئینسان، به‌ڵکو بۆ ناشرینکردنی ژیانی ئه‌وانی دیکه‌ش. باوکان و دایکان هه‌ن به بیانوی خه‌مبارییه‌وه منداڵه‌کانیان له جه‌هه‌نه‌مدا په‌روه‌رده ده‌که‌ن. پزیشکان هه‌ن به بیانوی خه‌مبارییه‌وه و له ده‌رئه‌نجامی گوێنه‌داندا نه‌خۆشه‌کانیان ده‌کوژن. مامۆستایان هه‌ن به بیانوی خه‌مبارییه‌وه وڵات بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ک پڕ ده‌که‌ن له ئینسانی نه‌شاره‌زا له هه‌موو بوارێک‌دا. ئه‌م دیاردانه زۆرن، به‌ڵام خه‌م ده‌کرێ پیشه‌سازییش بێت.
که خه‌م ده‌بێت به ئیجازه‌ی په‌ڕینه‌وه بۆ نابه‌رپرسیارێتیی و گوێنه‌دان و بێبه‌رهه‌میی و گه‌نده‌ڵیی ئیدی خه‌مباران له ژیانی گشتیی‌دا زۆر ده‌بن و کێبڕکێ له‌سه‌ر خه‌مباریی باو زۆر ده‌بێت. وڵات پڕ ده‌بێت له‌یه‌ک جۆر جه‌ماوه‌ر: جه‌ماوه‌ری خه‌مبار. به‌ڵام ئه‌م جه‌ماوه‌ره جیاوازیی له‌گه‌ڵ هه‌موو جه‌ماوه‌رێکی دیکه‌دا ئه‌وه‌یه که له‌سه‌ر ناپه‌یوه‌دنی و دابڕان دروست بووه. هه‌موو ئه‌ندامێکی ئه‌م جه‌ماوه‌ره پێی وایه ئه‌و دورگه‌یه‌که دابڕاو له ئه‌وانی دیکه. هه‌ر گه‌نجێک بدوێنه خۆی به خه‌مبارتریین مرۆڤی ئه‌م سه‌رزه‌مینه ده‌زانێ. تا ئه‌و ئاسته ئه‌مه ئاساییه که هه‌موو ئینسانێک له هه‌موو شت زیاتر له کێشه‌کانی ژیانی خۆیه‌وه نزیکه، به‌ڵام ئه‌وه نائاسییه که خه‌م ببێت به کاڵا.
به بازاڕه‌کاندا که ده‌ڕۆیی ده‌یان جار گوێت له‌و ده‌نگه تۆمارکراوه ناخۆشانه ده‌بێت که ئه‌و شیعره خراپانه ئیلقا ده‌که‌ن که هه‌رچی هوونه‌ره تیایاندا نییه. ئه‌وه‌ی که ئه‌و شیعر و ده‌نگانه له پیشه‌سازییه‌کی وه‌ها بڵاودا کۆده‌کاته‌وه یه‌ک شته: پیشه‌سازیی خه‌م. به‌ڵام ده‌بێ هه‌ندێک لێره‌دا بوه‌ستین. کام خه‌م؟ خه‌م له کوردی‌دا دوو کایه‌ی مانای هه‌یه له‌یه‌ک کاتدا. یه‌که‌میان خه‌فه‌ت و دووه‌میان گوێدان. که خه‌می شتێکت بێت واتا گرنگیی پێده‌ده‌ی، واتا ئه‌و شته مایه‌ی دڵه‌ڕاوکێ و راڕاییه بۆت. ئه‌و "خه‌م"ه باوه‌ی که سه‌ر شه‌قام و ته‌له‌فزیۆن و زانکۆ و په‌یمانگا و ئه‌ده‌بیاته باوه‌کانی ته‌نییوه خه‌مێکه له بنه‌مادا دژی کایه‌ی دووه‌می "خه‌م" به کاردێت، واتا دژی گوێدان، گرنگییدان، جدیبوون، کۆشش، سه‌ودای گۆڕان.
به ملیۆن ئینسان له پشت خه‌مه‌وه خۆیان له سه‌ره‌کییتریین ئه‌رکه ئه‌خلاقییه‌کان شارده‌وه‌ته‌وه. له پشت خه‌مه‌وه به ملیۆن بێهونه‌ریی و توڕه‌هات خۆیان شاردوه‌ته‌وه. له رێگه‌ی خه‌مه‌وه به ملیۆن بێهونه‌ریی و توڕه‌هات ده‌فرۆشرێ به‌و حه‌شاما‌ته‌ی که به‌کاربه‌ری سه‌رگه‌رمی خه‌من. ئه‌م هه‌موو خه‌مباره پێویستیان به خه‌مه تا به‌کاری ببه‌ن، بۆیه له‌و جۆره دۆخه‌دا هونه‌ری خراپ بازاڕ پڕ ده‌کات. له‌و دۆخانه‌دا بازرگانیی خه‌م بڵاو ده‌بێته‌وه. خه‌م ده‌که‌نه گۆرانیی خراپه‌وه، گۆرانییه‌که ده‌ڕوات له بازاڕدا، دیکه‌نه راپۆرتی رۆژنامه‌وانیی خراپه‌وه، راپۆرته‌که ده‌ڕوات، هه‌ر شتێک خه‌می تێهه‌ڵکێشن له بازاڕدا ناوه‌ستێت.
ئه‌وه‌ی که جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه ئه‌م سوپا خه‌مباره که تۆمارگه‌کان و شوێنه گشتییه‌کان و میدیا و مه‌یخانه‌کانیان و رۆژنامه‌کانیان پڕکردووه هه‌ر ئه‌و سوپایه‌ن که هۆڵه‌کانی ئاهه‌نگێڕان و سه‌یرانگاکان پڕ ده‌که‌ن. عه‌جه‌با ئه‌م خه‌مبارانه ئیر بۆ خه‌مبارن؟
ئه‌م حه‌شاماته له خه‌مباران ته‌نانه‌ت بۆ ساتێک ئه‌وه‌نده خه‌میان نییه که بیر له‌و ئینسانه نه‌بینراوانه بکه‌نه‌وه که هه‌موو ئه‌و که‌ره‌سته و کاڵا و خۆراکانه به‌به‌رهه‌م ده‌هێنن که ئه‌مان به‌کاری ده‌به‌ن و ده‌یکه‌ن به زبڵ. شارێک که یه‌ک ملوێن هاوڵاتی خه‌مباری ئاوهای تێدا بێت و هه‌ر یه‌که‌ی یه‌ک عه‌لاگه‌ی نایلۆن به‌کارببات له یه‌ک رۆژدا، له ماوه‌ی سێ ساڵدا نزیکه‌ی یه‌ک ملیار عه‌لاگه‌ی نایلۆن له شاردا بێخه‌مانه فڕێ ده‌درێن که دواجار به هیچ شتێک له‌ناو ناچن. ئه‌م خه‌مبارانه ده‌بێ له‌وه تێبگه‌ن که ئه‌م جۆره کێشه‌یه نه خه‌تای حکومه‌ته نه رۆژئاوا نه "دوژمانی گه‌له‌که‌مان!" ئه‌م خه‌مبارانه تیایاندا مامۆستایه تیایاندا قوتابییه تیایاندا شاعیره تیایاندا رۆژنامه‌وانه، ئه‌وه‌ی کۆیان ده‌کاته‌وه خه‌مه. به‌ڵام ئایا به‌راست که ئینسان ئه‌وه‌نده گوێنه‌ده‌ر بێت، خه‌می چییه‌تی؟
ئه‌وه‌ی که خه‌می هه‌یه، گوێده‌ره، چالاکه، به‌ئه‌مه‌که، گۆڕانکاره، به‌رهه‌مهێنه و هه‌تا دوای له‌و سیفه‌تانه‌ی که له ئه‌ندامانی سوپای خه‌مبارانی باودا نییه. ئه‌وه‌ی که خه‌می ژیانی بێت، رازی نابێت منداڵێک له شاره‌که‌یدا کرێکاریی بکات، یان زیندانییه‌ک ئه‌شکه‌نجه بدرێت، یان ده‌ستبه‌سه‌رێک بکوژرێت، یان ژنێک تیرۆر بکرێت، یان بێگانه‌یه‌ک بچه‌وسێنرێته‌وه، یان په‌نابه‌رێک بێداڵده بکرێت. هه‌موو ئه‌م شتانه که رووده‌ده‌ن له شاری خه‌مباره زبڵده‌ره‌کاندا، ئیتر ئه‌م خه‌مبارانه چۆن خه‌مبارن؟ راستتر وایه بڵێین: به‌چی خه‌مبارن؟ به‌وه ناچێت هیچ به‌ڕێزێکی خه‌مبار (یه‌کتری به به‌ڕێز بانگ ده‌که‌ن) جگه له خه‌می جۆری ده‌رکه‌وتنی خۆی خه‌می هیچ شتێکی دیکه‌ی هه‌بێت له‌م جیهانه‌دا.
له راستییدا ئه‌و خه‌مه باوه خه‌مێکه بۆ خۆدزینه‌وه له خه‌مان، خه‌مێکه وه‌کو بیانو به‌کارده‌هێنرێت بۆ ته‌بریرکردنی بێبه‌رهه‌میی و گوێنه‌دانی گشتیی. ئه‌گه‌ر شارێک یه‌ک ملیۆن هاوڵاتی تێدا بێت که خه‌مێکی زۆر سه‌ره‌کیی و زۆر ئاساییان هه‌بێت، با بڵێین بای ئه‌وه‌ی که یه‌ک هاوڵاتی رۆژی ته‌نها یه‌ک پارچه کاغه‌ز یان نایلۆن هه‌ڵگرێته‌وه له شوێنه گشتییه‌کاندا، که شوێنی خۆیانه، (ئه‌و خه‌مه نه پێویستی به بۆڕه‌ی شیعری خراپه نه به حکومه‌تی نیشتیمان په‌روه‌ر) رۆرژی یه‌ک ملیۆن پارچه‌ی زبڵ له شاردا که‌م ده‌بێته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی ئاکار و ره‌وشت و بیرکردنه‌وه و سیاسه‌ت و چاره‌نووسی هه‌ر خه‌ڵکێک شتێک بزانیت، ئه‌وه‌نده‌ت به‌سه پێنج ده‌قه به شه‌قام و کۆڵانه‌کانی شارێکیاندا بگه‌ڕێی. که به جاده و کۆڵانه‌کانی شاره‌کانی کوردستانی عێراقدا ده‌گه‌ڕیی، ئه‌وه‌ی که نایبینی خه‌مه (به مانای ته‌واوی وشه‌که). که‌س خه‌می هیچی نییه، ده‌رئه‌نجام شار وه‌کو حاوییه‌یه‌کی گه‌وره ده‌نوێنێ.
ده‌رئه‌نجامی هه‌ره خه‌ته‌رناکی ئه‌م کولتووری خه‌مبارییه باو و هه‌رزانه ئه‌وه‌یه هه‌ستی کۆمه‌ڵگه‌یی (جڤات) وون ده‌بێت. هه‌موو که‌سێک ده‌بێ به گله‌یکه‌رێک و به‌س. له وڵاتی خه‌مباراندا فه‌رمانبه‌رێکی میریی که‌مترین کاری خۆی به شیاوی ناکات، به‌ڵام گله‌یی له حکومه‌ت ده‌کات بێ‌ئاگا له‌وه‌ی که ئه‌و خۆی حکومه‌ته. کورتکردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیی بۆ گه‌نده‌ڵیی ئه‌و که‌سانه‌ی که پێیان ده‌گوترێ "به‌رپرسان" ته‌بسیتکردنێکه جگه له درێژه‌دان به سه‌رگردانیی و ده‌ستاوده‌ستکردنی گه‌نده‌ڵیی هیچی دیکه‌ی لێ شین نابێت. بۆ گۆڕینی سیستمێک، گۆڕینی بیرکردنه‌وه و ئه‌تواری گشتیی پێشمه‌رجه. بۆ گۆڕینی بیرکردنه‌وه و ئه‌تواری گشتیی ته‌نیا یه‌ک شت پێویسته: گۆڕینی خۆت. خه‌ڵک له چه‌ند "خۆ"یه‌ک پێکهاتووه. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر له گه‌ڕه‌کێکدا یه‌ک جار که‌سێک چوار که‌سی دیکه کۆ بکاته‌وه و بڕیار بده‌ن یه‌کی چوار پێنج که‌سی تر کۆبکه‌نه‌وه و گه‌ڕه‌که‌که‌ی خۆیان پاک بکه‌نه‌وه و هه‌ر ماڵێک رابسپێرن که ئیدی خه‌می زبڵی خۆی به شیاویی بخوات، له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا ئه‌م دیارده‌یه به چوار گه‌ڕه‌کی هه‌ر چوار لادا بڵاو ده‌بێته‌وه، و له ماوه‌ی ساڵێکدا ده‌شێت ببێت به دیارده‌یه‌کی سه‌رتاسه‌ریی، واتا کو‌لتوور. بڕێ شت هه‌ن ته‌نها هه‌ندێ ژیاندۆستیی و راستگۆیی و خه‌مخۆرییان گه‌ره‌که.
پیشه‌سازیی خه‌م بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رکه‌وتوبێت و شتومه‌که‌کانی باش بفرۆشرێن پێویستی به جه‌ماوه‌ری خه‌مبارانه، له‌به‌ر ئه‌وه به‌شێک له پیشه‌سازییه‌که پته‌وکردنی کولتووری خه‌مباریی باوه. فرۆشیی پۆشاکی ره‌ش و عاره‌ق یه‌ک بازرگانییه، فرۆشیی شیعری که‌وتوو و گۆرانی که‌وتوو و جگه‌ره یه‌ک پرۆژه‌ی قازانج کۆکردنه‌وه‌یه. هه‌روه‌ک چۆن پیسبوونی شار و بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیی ده‌رئه‌نجامی یه‌ک که‌وتنه. بۆ گۆڕان جگه له گله‌یی، خه‌مخۆری راسته‌قینه ده‌بێ شتێکی دیکه‌شی کردبێ. ئه‌و شته‌ی دیکه تاقکردنی کێوی بێستون نییه، به‌رپاکردنی شۆڕشی چه‌کداریی نییه، فێربوونی فه‌له‌سه‌فه‌ی پۆستمۆدێرنیزم نییه، به‌ڵکو ته‌نها ئه‌نجامدانی کاره رۆژانه‌ییه هه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانه به چه‌شنێکی شیاوتر. ئه‌گه‌ر ئه‌مه روویدا، ده‌شێت دوای ماوه‌یه‌ک کاریگه‌رییه‌که بپه‌ڕێته‌وه سه‌ر یه‌ک هاوڕێ، له‌ویشه‌وه ده‌کرێ پاش ماوه‌یه‌ک کارگه‌رییه‌که بپڕێته‌وه بۆ سه‌ر یه‌ک که‌سی دیکه، ئه‌مه ده‌کرێ له ماوه‌یه‌کدا زۆر که‌س و زۆر شت بگۆڕێت.

No comments:
Post a Comment